ئەگەر کەسێک نەزرى کرد و پاشان نەیتوانى جێ بە جێ ى بکات حوکمى چیە؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئەگەر کەسێک نەزرى کرد و پاشان نەیتوانى جێ بە جێ ى بکات حوکمى چیە؟
پرسیار:

ئافرەتێک توشی نەخۆشیەک بووە لەبەر زۆری ئازارەکەی نەزری کردووە و دواتر نەیتوانیوە نەزرەکەی بەجێ بێنێ جا پرسیار دەکات ئایا ئێستا چ بکات  ؟

گەر نەزرەکەی گوێڕایەڵی خودایە ئەوا پێویستە لەسەری بەپێی توانا بەجێی بێنێت خۆ گەر نەیتوانێ بەجێی بێنێ ئەوا وەک قەرز لەسەری دەمێنێت ، خۆ ئەگەر هەر لەتوانایدا نەبوو ئەوا خودا تەکلیفی شتێک لە مرۆڤ ناکات کەلەتوانایدا نەبێت ، هەروەک فەرموویەتی ( لا يُكَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا )[البقرة:286]،
واتە : خودا تەکلیفی شتێک لە مرۆڤ ناکات تەنها ئەوەندە نەبێت کەلەتوانایدا هەبێت .

جا گەر نەزری کردووە لەسەر ئەوەی گەر خودا شیفای دا ئەوا ئەوەندە مەبلەغە پارەیە دەکاتە خێر ، لەم حاڵەتەدا گەر لەتوانایدا هەبوو ئەوا پێویستە نەزرەکەی بەجێ بێنێت ، ویاخود نەزری کردبێت ئەوەندە ڕۆژە بەڕۆژوو بێت مانگێک یاخود دوو مانگ ئەوا بەپێی توانا ڕۆژووەکەی دەگرێت ، خۆ ئەگەر ناساغ بوو ئەوا دوای دەخات ، بەڵگەمان ئەو فەرموودەیەیی پێغەمبەرە صلی الله عليه وسلم کەفەرموویەتی: (من نذر أن يطيع الله فليطعه) .
واتە : هەرکەسێک نەزری کرد گوێڕایەڵی خودا بکات با نەزرەکەی بەجێ بێنێت وگوێ ڕایەڵی خودا بکات .

بەڵام گەر نەزری کرد شتێکی مەکڕوە ویاخود حەڕام ئەنجام بدات بۆ نموونە گەر بڵێت :
گەر خودا شیفای دام ئەوا یەک ساڵ بەڕۆژوو دەبم ئەم نەزرە مەکڕوهە ونابێ بەجێی بێنێت بەڵکو کەفارەت دەدات ، بەبەڵگەی ئەوەی پێغەمبەر صلی الله عليه وسلم ڕێگری کردووە لەوەی مرۆڤ ساڵێک بەڕۆژوو بێت ، جا لەم حاڵەتەدا نابێ نەزرەکەی بەجێ بێنێت بەڵکو کەفارەت دەدات ، جا کەفارەتەکەشی وەک کەفارەتی سوێند خواردن وایە کەئەویش خواردن بەخشینە بەدە هەژار یاخود جل کردنە بۆیان ، و یاخود نیو ساع خواردن (کەدەکاتە کیلۆ ونیوێک برنج وهاوشێوەکانی) دەدات بەدە هەژار ، خۆ ئەگەر نەیبوو ئەوا سێ ڕۆژ بەڕۆژوو دەبێت .

وەلحاسڵ ئەوەی مەبەستە لێرەدا ئەوەیە :
بەگوێرەی توانا نەزرەکەی بەجێ دێنێت ئەمە لەکاتێکدا گەر نەزرەکەی تاوان ومەکڕوە نەبوو ، خۆ ئەگەر نەیتوانی ئەوا نەزرەکەی لەسەر دەمێنێت ، بەڵام ئەگەر نەزرەکەی تاوان ومەکڕوە بوو ئەوا نابێ نەزرەکەی بەجێ بێنێت بەڵکو کەفارەتی سوێند دەدات .

وەڵامى زانای پایەبەرز : عبدالعزیز بن عبدالله بن باز رحمه الله

سەردان: ٥,٢١٣ بەش: سوێند و نەزر و کەفارەت