ئایا ڕاستە پێغەمبەری خوا کاتێ خێزانی (زيد)ی بینیوه پێی سەرسام بووە ، و داوای لە زيد کردوە تەڵاقی بدات بۆ ئەوەی خۆی مارەی بکات ؟ : ماڵپەڕی وەڵامەکان
ئایا ڕاستە پێغەمبەری خوا کاتێ خێزانی (زيد)ی بینیوه پێی سەرسام بووە ، و داوای لە زيد کردوە تەڵاقی بدات بۆ ئەوەی خۆی مارەی بکات ؟
پرسیار:

ڕونکردنەوەى ئایەتى : ( وَتُخْفِي فِي نَفْسِكَ مَا اللَّهُ مُبْدِيهِ ) سورة الأحزاب -37-
ئایا ڕاستە پێغەمبەری خوا کاتێ خێزانی (زيد بن حارثة)ی بینی و پێی سەرسام بوو ، وداوای لە زيد کرد تەڵاقی بدات بۆئەوەی خۆی مارەی بکات ؟ 
تکایە ئەم بەسەر هاتە ڕوون بکەنەوە و داوای لێخۆشبوون دەکەم بۆ خۆم و ئێوە ، زۆر سوپاس و ڕێزم بۆتان هەیە ؟

یەکەم :
مەقام و ڕێزی پێغەمبەرایەتی زۆر ڕێزدار و گەورەیە ، وخودا پێغەمبەرانی بەسەر هەموو مرۆڤەکاندا هەڵبژاردووە ، وئەوەی کە هەندێ کتابی ئیسرائیلیات و هەندێ کتابی تەفسیر دەیگێڕنەوە زۆر لەئاستی ئەو قەدر و ڕێزە کەم دەکەنەوە ، ویەکێک لەو نموونانە ، ئەوەیە کە لەهەندێکیانەوە دەگێڕرێتەوە کە گوایە پێغەمبەر خۆشەویستی زەینەبی کچی جەحشی کەوتۆتە دڵەوە ، وبەمێردەکەی - زيد بن حارثة -ی دەگوت : دەس بگرە بەخێزانەکەتەوە ، لەگەڵ ئەوەشدا خۆشەویستی زەینەبی لەدڵی خۆیدا دەشاردەوە ، وبێگومان ئەمەش ناگونجێ لەگەڵ مەقام و ڕێزی پێغەمبەردا .

وەهەموو ئەو شتانەی کە لەکتابی تەفسیردا گێڕدراوەتەوە لەیەکێک لەسەلەفەوە لەم بارەیەوە یاخود نزیک لەمە : سەحیح نی یە و ئەوان شتی وایان نەگوتووە ، وەهەندێ کەس بەو ڕیوایەتانە هەڵخەڵەتاون و کردووەیانەتە تەفسیر بۆ ئەو ئایەتانەی کەلەم بارەیەوە هاتوون .

وە الإمام ابن كثير رحمه الله دەڵێت :
(ابن جرير وابن أبي حاتم) لەم بارەیەوە چەند شتێکیان لەهەندێ لەپێشینانەوە گێڕاوەتەوە ، پێمان خۆش بوو ئیهمالی کەین ؛ لەبەر سەحیح نەبوونی ، و نەیگێڕینەوە و باسی نەکەین ." تفسير ابن كثير " ( 6 / 424 ) .

وە لە (أنس بن مالك وعائشة) وە رضي الله عنهما هاتووە کەئەم ئایەتانە زۆر قورس بوون لەسەر دڵی پێغەمبەر ، و لەزانست و فیقهی ئەم دوو سەحابەیە رضي الله عنهما ئەوەیە : کە گوتویانە گەر پێغەمبەر شتێکی لەوەحی بشاردایەتەوە ئەوا ئەم ئایەتانەی دەشاردەوە .

ئەنەس دەڵێ : ( زَيْدُ بْنُ حَارِثَةَ ) هات و شکایەتی حاڵی خۆی دەکرد ، پێغەمبەریش دەیفەرموو : ( اتَّقِ اللَّهَ وَأَمْسِكْ عَلَيْكَ زَوْجَكَ) واتە : تەقوای خودات هەبێ و دەس بەرداری خێزانەکەت مەبە ،
ئەنەس دەڵێ : پێغەمبەر شتێکی لەوەحی بشاردایەتەوە ئەوا ئەم ئایەتەی دەشاردەوە ، وەهەروەها دەڵێت : زەینەب خۆی بەسەر خێزانەکانی تری پێغەمبەردا  هەڵدەناو دەیگوت : ئێوە کەس و کارتان مارەتانی کردووە ، بەڵام من خوای پەروەردگار لەسەر حەوت تەبەقەی ئاسمانەوە مارەمی بڕیوە .
رواه البخاري ( 6984 ) .

وەئیمامی مسلم ( 177 ) لە( عائشة )وە رضي الله عنها هاوشێوەی ئەمەی ئەنەسی رضي الله عنه گێڕاوەتەوە .

دووەم :
باسکردنی ئەو ئایەتە و هۆکاری دابەزینی و کورتەیەک لەبارەی ماناکەیەوە :
خوای تەعالی فەرموویەتی : ( وَإِذْ تَقُولُ لِلَّذِي أَنْعَمَ اللَّهُ عَلَيْهِ وَأَنْعَمْتَ عَلَيْهِ أَمْسِكْ عَلَيْكَ زَوْجَكَ وَاتَّقِ اللَّهَ وَتُخْفِي فِي نَفْسِكَ مَا اللَّهُ مُبْدِيهِ وَتَخْشَى النَّاسَ وَاللَّهُ أَحَقُّ أَنْ تَخْشَاهُ فَلَمَّا قَضَى زَيْدٌ مِنْهَا وَطَرًا زَوَّجْنَاكَهَا لِكَيْ لَا يَكُونَ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ حَرَجٌ فِي أَزْوَاجِ أَدْعِيَائِهِمْ إِذَا قَضَوْا مِنْهُنَّ وَطَرًا وَكَانَ أَمْرُ اللَّهِ مَفْعُولًا ) سورة الأحزاب -37-
واتە : کاتێ بەو کەسەت دەگوت : (کە خودا نیعمەتی ئیسلامی بەسەردا ڕشتبوو ، و تۆ پیاوەتیت لەگەڵی کردبوو بەوەی لەکۆیلایەتی ڕزگارت کردبوو ) تەقوای خودات هەبێ و دەس بەرداری خێزانەکەت مەبە ، وشتێکت لەدەرونتدا دەشاریتەوە و خودا ئاشکرای دەکات ، ولەقسەی خەڵک دەترسی لەکاتێکدا خودا لەپێش ترە لێی بترسی ، وکاتێ زەید زەینەبی تەڵاق دا ، ئێمە لێتمان ماره کرد ؛ بۆ ئەوەی هیچ شتێک لەسەر باوەڕداران نەمێنێ لەمارە کردنی خێزانی ئەو کەسانەی کە پێشتر بەناو ئەوانەوە وەک کوڕیان بانگ دەکران ، کاتێ کە مێردەکانیان تەڵاقیان دەدەن وکار و فەرمانی خودا حەتمەن دێتە جێی و هیچ ڕێگریەکی لێناکرێت .

وەالشيخ عبد الرحمن السعدي - رحمه الله - دەڵێت :
هۆکاری دابەزینی ئەم ئایەتە ئەوە بوو خوای پەروەردگار ویستی شەرع و یاسەیەکی گشت گیر دابنێت بۆ باوەڕداران ، لەبارەی ئەوەی کە ئەو کەسانەی کە پێشتر بەناو ئەوانەوە وەک کوڕیان بانگ دەکران ، حوکمی کوڕی خۆیانی نی یە لەهەموو ڕوویەکەوە ، ودروستە بۆ ئەو کەسانەی کە پێشتر کردبوونیان بەکوڕی خۆیان خێزانەکانیان مارە بکەن .

وەحەتمەن ئەو کارەش لەو عادەتانە بوو بەڕووداوێکی گەورەی هاوشێوەی ئەمە نەبوایە لەناو خەڵکدا لەنێو نەدەچوو ، هەر بۆیە خوای پەروەردگار ویستی لەلایەن پێغەمبەرەکەیەوە بەقسە و کردار ئەو بابەتە یەکلایی بکاتەوە ، وەبێگومان کاتێ خوای پەروەردگار ویستی لەکارێک بێت هۆکارەکانی بۆ فەراهەم دێنێ ، جا ( زيد بن حارثة ) بە " زيد بن محمد " بانگ دەکرا ، حەتمەن پێغەمبەر صلى اللّه عليه وسلم کردبووی بەکوڕی خۆی ، هەر بۆیە بەناوی ئەوەوە بانگ دەکرا تاوەکو ئەم ئایەتە دابەزی : ( ادْعُوهُمْ لآبَائِهِمْ ) واتە : بەناوی باوکی حەقیقیانەوە بانگیان بکەن .
جا دواتر بە : " زيد بن حارثة "وە بانگ دەکرا .

جا لەو کاتەدا زەینەبی کچی جەحش ـ کەدەکات کچی پوری پێغەمبەری خوا صلى اللّه عليه وسلم خێزانی زەیدی کوڕی حاریسه بوو ، وپێغەمبەر صلى اللّه عليه وسلم ئەوەی کەوتبووە دڵەوە گەر زەید زەینەبی کچی جەحش تەڵاق بدات مارەی بکات ، وەقەدەری خوا وابوو کەناخۆشی کەوتە نێوان زینەب و زەیدی مێردیەوە تا گەشتە ئەوەی زەید کوڕی حاریسە هات بۆ لای پێغەمبەری خوا صلى اللّه عليه وسلم و داوای لێکرد ئیزنی بدات بۆ ئەوەی لە زەینەب جودا ببێتەوە .

خوای پەروەردگار بەپێغەمبەر صلى اللّه عليه وسلم فەرموو : ( وَإِذْ تَقُولُ لِلَّذِي أَنْعَمَ اللَّهُ عَلَيْهِ ) واتە : کاتێ کە تۆ بەو کەسەت دەگوت کە خودا نیعمەتی ئیسلامی بەسەردا ڕشتبوو .
( وَأَنْعَمْتَ عَلَيْهِ ) واتە : تۆ پیاوەتیت لەگەڵی کردبوو و لەکۆیلایەتی ڕزگارت کردبوو ، کاتێ کە هات بۆ لات و مشاوەرە و پرسی پێت دەکرد لەبارەی جیابوونەوەی لەخێزانەکەی ، وتۆ ئامۆژگاریت بەو شتە کرد کەمەسڵەحەتی ئەوی تێدا بوو ، هەر چەندە (زەینەب)کەوتبووە دڵتەوە و پێت گوت : ( أَمْسِكْ عَلَيْكَ زَوْجَكَ ) واتە : لەخێزانەکەت جودا مەبەرەوە ، وئارام بگرە لەبەرانبەر ئەو شتانەی لەلایەن زینەبەوە توشت دەبێ و ( وَاتَّقِ اللَّهَ ) واتە : تەقوای خوا بکە لەهەموو کارەکانتدا ، وبەتایبەت لەبارەی خێزانەکەتەوە ، بەتەئکید تەقوا یارمەتی دەرە بۆ ئارام گرتن و فەرمان بەئارام گرتن دەکات .
( وَتُخْفِي فِي نَفْسِكَ مَا اللَّهُ مُبْدِيهِ )واتە : شتێکت لەدەرونتدا دەشاریتەوە و خودا ئاشکرای دەکات .
جائەو شتەی کەشاردبوویەوە ئەوە بوو : گەر زەید تەڵاقی بدات : ئەوا پێغەمبەر صلى اللّه عليه وسلم زەینەب مارە دەکات .
( وَتَخْشَى النَّاسَ ) واتە : لەقسەی خەڵک دەترسی ، لەوەی کە ئەو شتە ئاشکرا بکەیت کەلەدڵتدایە ، ( وَاللَّهُ أَحَقُّ أَنْ تَخْشَاهُ )واتە : لەکاتێکدا خودا لەپێش ترە لێی بترسی ، بەتەئکید ترسی خودا هۆکاری هەموو خێرێکە ، وڕێگرە لەهەموو شەڕێک .
( فَلَمَّا قَضَى زَيْدٌ مِنْهَا وَطَراً )واتە : کاتێ زەید زەینەبی تەڵاق دا ، واتە : بەئارەزووی خۆی ، وحەزی لێ نەما ، ولێی جودا بووەوە : ( زَوَّجْنَاكَهَا ) واتە : ئێمە لێتمان ماره کرد ، جا ئێمه ئەو کارەمان لەبەر شتێکی گەورە کرد ، کەئەویش : ( لِكَيْ لا يَكُونَ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ حَرَجٌ فِي أَزْوَاجِ أَدْعِيَائِهِمْ )واتە : بۆ ئەوەی هیچ شتێک لەسەر باوەڕداران نەمێنێ لەمارە کردنی خێزانی ئەو کەسانەی کە پێشتر بەناو ئەوانەوە وەک کوڕیان بانگ دەکران ، بەشێوەک تۆ ببینن کە خێزانی زەیدی کوڕی حاریسەت مارە کردووە ، ئەوەی کە پێشتر درابووە پاڵ تۆ و بەکوڕی تۆ بانگ دەکرا .
" تفسير السعدي " ( ص 665 ، 666 ) .

وەبێگومان جیاوازیەکی گەورە هەیە لەنێوان ئەوەی کە پێغەمبەر شاردبوویەوە لەدڵیدا کە گوایە (خۆشەویستی)زەینەب بێت ، ولەگەڵ ئەوەدا کە ئەو شتەی کەشاردبوویەوە (مارەکردنی) زەینەب بێت ، هەر بۆیە زەینەب شانازی بەوەوە دەکرد کە خودا ئەوی لە پێغەمبەر مارە کردووە ، هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد لەڕیوایەتەکەی کە لە " صحيح البخاري "دا هاتووە - ، وبێگومان ئەوەش ئەوە پشت ڕاست دەکاتەوە ئەو شتەی کەپێغەمبەر شاردبوویەوە (مارەکردنی زەینەب)بوو ، وئەو لەوە دەترسا قسەی خەڵکی بێتە سەر کەخێزانی کەسێکی مارە کردووە کەپێشتر بەناوی ئەوەوە بانگ دەکرا .

سێیەم :
قسە و باسێک بەدوور ودرێژی لەسەر ئایەتەکە :
1. الإمام القرطبي - رحمه الله - دەڵێت :
لە (علي بن الحسين)ەوە گێڕدراوەتەوە : خوای پەروەردگار وەحی بۆ پێغەمبەر نارد لەبارەی ئەوەی کە زەید زەینەب تەڵاق دەدات ، وخودا لەپێغەمبەری مارە دەکات ، جا کاتێ زەید شکایەتی حاڵی خۆی بردە لای پێغەمبەر لەبارەی هەڵس و کەوتی زەینەبەوە و پێی ڕاگەیاند زەینەب بەقسەی ناکات و پێی ڕاگەیاند دەیەوێ تەڵاقی بدات ، پێغەمبەر وەک ئەدەب و ئامۆژگاری کردنێک پێی فەرموو : تەقوای خوا بکە لەو جۆرە قسانەدا ، ودەس بگرە بەخێزانەکەتەوە و تەڵاقی مەدە ، لەکاتێکدا دەیزانی تەڵاقی دەدات و ئەو مارەی دەکات ، ئائەم شتەی لەدڵیدا شاردبووەوە ، ونەیدەویست فەرمانی پێ بکات بەتەڵاق دانی ؛ لەبەر ئەوەی دەیزانی خۆی مارەی دەکات ، ودەترسا قسەی خەڵک بێتە سەری کەدوای زەید مارەی کردووە لەکاتێکدا پێشتر زەید بەناوی ئەوەوە بانگ دەکرا ، وهەر ئەو فەرمانی پێ بکات بەتەڵاق دانی ، خوای پەروەردگار لەسەر ئەو ترسەی لەزمانی خەڵک سەرزەنشتی کرد وەک ئەوەی پێی ڕاگەیەنێت چۆن ترسی لەشتێک هەیە خودا بۆی حەڵاڵ کردووە ، و دەڵێ : دەس بگرە بەخێزانەکەتەوە ، لەگەڵ ئەوەشدا تەلاقی دەدات ، وخودا فێری کرد کە لەهەموو حاڵەتێکدا خودا لەپێش ترە لێی بترسێت نەک زمانی خەڵک .

جا زاناکانمان گوتویانە : ئەم قسە و لێکدانەوە جوانترین لێکدانەوەیە بۆ ئایەتەکە ، وزانایانی موحەقیق لەئەهلی تەفسیر لەسەر ئەم بۆچوونەن ، وەك : (الزهري ، والقاضي بكر بن العلاء القشيري ، والقاضي أبي بكر بن العربي ، وجگە لەمانیش ) .

ومەبەست لە : ( وتخشى الناس ) : قسەی مونافیقانە بەوەی کە ڕێگری دەکات لەمارەکردنی خێزانی کوڕ و خۆشی خێزانی کوڕی خۆی مارە دەکات .
بەڵام ئەوەی لە پێغەمبەرەوە گێڕدراوەتەوە کەگوایە حەزی کردبوو لەزەینەبی خێزانی زەید ، وڕەنگە هەندێ کەسی شێت کەلیمەی " عشق "یان بەکار هێنابێت؟! : بێگومان ئەم جۆرە قسانە لەکەسێکەوە دەردەچێ کەجاهل و نەزان بێت بەوەی کە پێغەمبەر پارێزراوە لەم جۆرە شتانە ، یاخود کەسێک بێت کە سوکایەتی بەپێغەمبەر دەکات و وەک پێویست قەدری ناگرێت .
" تفسير القرطبي " ( 14 / 190 ، 191 ) .

2- وە الشيخ الشنقيطي - رحمه الله - دەڵێت :
بۆچوونی دروست إن شاء اللَّه لەم بابەتەدا : ئەوەیە کەباسمان کرد لەوەی کە قورئان بەڵگەیە لەسەری ، ئەوەش ئەوەیە خوای پەروەردگار بە پێغەمبەری ڕاگەیاندبوو کە زەید زەینەب تەڵاق دەدات ، وخودا خۆی لێی مارە دەکات ، زەینەب لەو کاتەدا لای زەید بوو ، جا کاتێ زەید هات بۆلای پێغەمبەر و شکایەتی لەزەینەب دەکرد ، پێغەمبەر پێی فەرموو : دەس بگرە بەخێزانەکەتەوە و تەڵاقی مەدە ،خوداش سەرزەنشتی کرد لەسەر ئەو قسەیە دوای ئەوەی دڵنیا بوو کەدەبێتە خێزانی ، جا پێغەمبەر دەترسا خەڵک بڵێن : دەیەوێ خێزانی زەید مارە بکات لەکاتێکدا لەلای زەیدە و هێشتا تەڵاقی نەداوە .
وەبەڵگەش لەسەر ئەمە دوو شتە :
یەکەم :
ئەوەی کەپێشتر ئاماژەمان پێدا لەوەی کەخودا پێی فەرموو : ( وَتُخْفِي فِي نَفْسِكَ مَا اللَّهُ مُبْدِيهِ )واتە : شتێکت لەدەرونتدا دەشاریتەوە و خودا ئاشکرای دەکات .
ئائەمە بوو خودا ئاشکرای کرد ، ئەویش مارەکردنی زەینەبە ، هەروەک دوای ئەوە دەفەرموێ : ( فَلَمَّا قَضَى زَيْدٌ مِنْهَا وَطَراً زَوَّجْنَاكَهَا )، واتە : کاتێ زەید زەینەبی تەڵاق دا ، ئێمە لێتمان ماره کرد ، وەخودای پەروەردگار هیچ شتێک لە خۆشەویستی ئاشکرا نەکردووە کەهەندێ کەس ئیدعای دەکەن کەگوایە زەینەبی خۆش ویستووە ، وبێگومان گەر مەبەست لەئاشکرا کردنەکە ، ئاشکرا کردنی خۆشەویستی بوایە ئەوا حەتمەن خودا ئاشکرای دەکرد ، هەروەک دەبینی چۆن ویستی مارەکردنەکەی ئاشکرا کردووە .
دووەم :
خوای پەروەردگار بەصەڕیحی ڕوونی کردۆتەوە کە خۆی زەینەبی لێ مارە کردووە ، وحیکمەتیش لەم مارە کردنە شکاندنی ئەو بۆچوونە باوە بوو کەنابێ خێزانی کەسێک مار بکرێت کەپێشتر بەناوی ئەوەوە بانگ دەکرا ، هەروەک فەرموویەتی : ( فَلَمَّا قَضَى زَيْدٌ مِنْهَا وَطَراً زَوَّجْنَاكَهَا لِكَيْ لا يَكُونَ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ حَرَجٌ فِي أَزْوَاجِ أَدْعِيَائِهِمْ ) ، واتە : کاتێ زەید زەینەبی تەڵاق دا ، ئێمە لێتمان ماره کرد بۆئەوەی هیچ شتێک لەسەر باوەڕداران نەمێنێ لەمارە کردنی خێزانی ئەو کەسانەی کە پێشتر بەناو ئەوانەوە وەک کوڕیان بانگ دەکران .
جا ئایەتی : ( لِكَيْ لا يَكُونَ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ حَرَجٌ ) : بەسەڕیحی هۆکاری مارە کردنەکەی ڕوون کردۆتەوە ، وکاتێ کەخودا زەینەبی لەپێغەمبەر مارە کردووە بۆ ئەو حیکمەتە گەورەیە بووە ، وحەتمەن ئاشکرایە کە مەبەست لەمارە کردنەکە خۆشەویستی پێغەمبەر نەبووە بۆ زەینەب و ئەوەش نەبووە بۆ تەڵاق دانی لەلایەن زەیدەوە هەروەک هەندێ ئەو ئیدعایە دەکەن ، وحەتمەن ئایەتی : ( فَلَمَّا قَضَى زَيْدٌ مِنْهَا وَطَراً ) ڕوونی دەکاتەوە کە زەید بەئارەزوی خۆی تەڵاقی دا ، والعلم عند اللَّه تعالى .
" أضواء البيان " ( 6 / 582 ، 583 ) .

3. وەپرسیار کراوە لە ( علماء اللجنة الدائمة ) :
بەسەر هاتی ( زيد بن حارثة ) چۆنە و چۆن زەینەبی مارە کردووە، وئەوەش کە پێغەمبەر دوای ئەو مارەی کرد ؟ چۆن زەواجەکەیان دەستی پێ کرد ؟ وچۆنیش کۆتایی پێ هات ؟ چونکە ئێمە لەهەندێ کەسەوە گوێمان لێ بووە کە گوایە پێغەمبەر عاشقی زەینەب بووە و جگە لەمەش ، وڕێگە بەخۆم نادەم ئەو شتانە بنووسم کە گوێم لێ بووە ، تکایە وەڵامم بدەنەوە ؟ .

لەوەڵامدا گوتوویانە :
زەیدکوڕی حاریسەی کوڕی (شراحيل الكلبي)یە ، مەولای پێغەمبەری خوا بووە ، واتە : بەندەی بووە و ئازادی کردووە و پاشان کردویەتیە کوڕی خۆی ، وزەید هەر بەناوی " زيد بن محمد "وە بانگ دەکرا ، تاوەکو ئەم ئایەتە دابەزی ( ادْعُوهُمْ لِآَبَائِهِمْ ) ، واتە : کەسەکان بەناوی باوکی حەقیقی خۆیانەوە بانگ بکەن ، بۆیە دواتر بە ناوی ( زيد بن حارثة )وە بانگیان دەکرد ، وەبەنیسبەت زەینەبەوە کچی جەحشی کوڕی ( رباب الأسدية ) ، ودایکی أميمةی کچی عبد المطلب کەدەکاتە پوری پێغەمبەری خوایە ، وبەنیسبەت بەسەر هاتی مارە کردنی زەینەب لەلایەن زەیدەوە :
پێغەمبەری خوا بەو کارە هەستا ، لەبەر ئەوەی زەید ئازاد کراوی خۆی بوو و کردبووی بەکوڕی خۆی ، جا داوای لەزەینەب کرد شوو بە زەید بکات ، زەینەبیش لەلای قورس بوو و گوتی : من لەو باشترم لەڕووی عەشیرەتەوە ، وگێڕدراوەتەوە کە خوای پەروەردگار ئەم ئایەتەی لەم بارەیەوە دابەزاندووە ( وَمَا كَانَ لِمُؤْمِنٍ وَلَا مُؤْمِنَةٍ إِذَا قَضَى اللَّهُ وَرَسُولُهُ أَمْرًا أَنْ يَكُونَ لَهُمُ الْخِيَرَةُ مِنْ أَمْرِهِمْ وَمَنْ يَعْصِ اللَّهَ وَرَسُولَهُ فَقَدْ ضَلَّ ضَلَالًا مُبِينًا ) سورة الأحزاب -36-
واتە : وە بۆ هیچ باوەڕدارێكی پیاو و ئافرەت حەڵال نیە كە كاتێك خواو پێغەمبەری خوا بڕیارێك بدەن ئەوان سەرپشك بن لەوەی كە شتێكی تر هەڵبژێرن, بەڵكو پێویستە لەسەریان پابەندی گوێڕایەڵی فەرمانی خواو پێغەمبەری خوا بن ، وە هەر كەسێك سەرپێچی خواو پێغەمبەری خوا بكات ، ئەوە گومڕا بووە گومڕابوونێكی زۆر ئاشكرا

هەر بۆیە زەینەبیش بەدەم داواکاریەکەی پێغەمبەری خواوە هات وەک جێ بەجێ کردنی فەرمانی خودا ، وەهەروەها بۆ ئەوەی ئەو داوایەی پێغەمبەری خوا جێ بەجێ بکات ، وە لەگەڵ زەیددا تاماوەی ساڵێک ژیان ، پاشان ناخۆشی کەوتە نێوانیانەوە عادەتەن ئەو شتانەی کەدەکەوێتە نێوان ژن و مێردەوە ، پاشان زەیدیش شکایەتی خۆی بردە لای پێغەمبەری خوا لەبەر قەدر و ڕێزی لەلای هەردوکیان ، چونکە پێغەمبەری خوا ئەوی ڕزگار کردبوو و هەروەها پێشتر کردبویە کوڕی خۆی ، وبەهەمان شێوە زەینەبیش کچی پوری " أميمة "ی پێغەمبەری خوا بوو ، و زەید پێشنیاری کرد زەینەب تەڵاق بدات ، پێغەمبەری خواش فەرمانی پێکرد ئارامی لەسەر بگرێت و تەڵاقی نەدات ، هەرچەندە بەوەحی لەلایەن خوداوە دەیزانی کە زەید تەڵاقی دەدات و دەبێت بەخێزانی خۆی ، بەڵام ترسا لەوەی خەڵک بڵێن : ئەها خێزانی کوڕەکەی خۆی مارە کرد ، وەحەتمەن ئەو شتەش لەزەمانی جاهیلیدا مەمنووع بوو ، خوداش سەرزەنشتی پێغەمبەرەکەی کرد و پێی فەرموو : ( وَإِذْ تَقُولُ لِلَّذِي أَنْعَمَ اللَّهُ عَلَيْهِ وَأَنْعَمْتَ عَلَيْهِ أَمْسِكْ عَلَيْكَ زَوْجَكَ وَاتَّقِ اللَّهَ وَتُخْفِي فِي نَفْسِكَ مَا اللَّهُ مُبْدِيهِ وَتَخْشَى النَّاسَ وَاللَّهُ أَحَقُّ أَنْ تَخْشَاهُ ) سورة الأحزاب -37- ، واتە : وکاتێ بەو کەسەت دەگوت : (کە خودا نیعمەتی ئیسلامی بەسەردا ڕشتبوو ، و تۆ پیاوەتیت لەگەڵی کردبوو و لەکۆیلایەتی ڕزگارت کردبوو ) تەقوای خودات هەبێ و دەس بەرداری خێزانەکەت مەبە ، وشتێکت لەدەرونتدا دەشاریتەوە و خودا ئاشکرای دەکات و لەقسەی خەڵک دەترسی لەکاتێکدا خودا لەپێش ترە لێی بترسی .
واتە : - والله أعلم - : ئەوشتە دەشاریتەوە کەخودا پێتی ڕاگەیاندووە کە زەید زەینەب تەڵاق دەدات و خودا لەتۆ مارەی دەکات ، وەک جێبەجێ کردنی فەرمانی خودا و بۆ جێبەجێ کردنى ئەو حیکمەتەی کەلەو مارە کردنەدا هەیە ، ولەقسەی خەڵک دەترسی لەکاتێکدا خودا لەپێش ترە لێی بترسی ، ئەو شتە ئاشکرا بکە کەخودا بەوەحی ئاگاداری کردوویتەوە لەبارەی خۆت و زەید و خێزانەکەیەوە کە زەینەبە ، بێ ئەوەی گوێ بدەیت بەقسە و قسەڵۆکی خەڵک .

وەبەنیسبەت مارە کردنی زەینەب لەلایەن پێغەمبەری خواوە : پێغەمبەر دوای تەڵاقدانی زەینەب لەلایەن زەیدەوە و دوای تەواو بوونی عیدەکەی داوای زەینەبی کرد و خودا لێی مارە کرد بەبێ (وەلی و شاهید) ،؛ وەبێگومان پێغەمبەری خوا وەلی هەموو باوەڕدارانە ، بەڵکو بۆیان لەنەفسی خۆیان لەپێشترە ، هەروەک خوای تەعالی فەرموویەتی : ( النَّبِيُّ أَوْلَى بِالْمُؤْمِنِينَ مِنْ أَنْفُسِهِمْ )سورة الأحزاب -6-، واتە : پێغەمبەر بۆ باوەڕداران لەنەفسی خۆیان لەپێشترە .

وە بێگومان خودا بەو کارە عادەتێکی جاهیلی بەتاڵ کردەوە ، کەئەویش قەدەغە بوونی مارە کردنی خێزانی ئەو کەسانەی کەلەجاهیلەتدا بەناوی ئەو کەسانەوە بانگ دەکران کەکردبوویان بەکوڕی خۆیان ، وحەڵاڵی کرد بۆ موسوڵمان خێزانی ئەو کەسانە مارە بکەن کەپێشتر کردبویان بەکوڕی خۆیان لەحاڵەتی مردنی ئەو کەسانەدا ویاخود تەڵاق دانی خێزانەکانیان ، حەتمەن ئەمەش ڕەحمەت بۆ موسوڵمانان و لابردنی شتێکی قورس بوو لەسەریان .

بەڵام ئەوەی کەگێڕدراوەتەوە لەو بارەیەوە کەگوایە پێغەمبەر زەینەبی لەپشتی پەردەوە بینیبێت ، وکەوتبێتە دڵیەوە و عاشقی بوبێت ، زەیدیش بەو کارەی زانیبێت و ڕقی لەزەینب بوبێتەوە و تەڵاقی دابێت بۆ ئەوەی دواتر پێغەمبەر مارەی بکات ...، هەموو ئەمانە لەڕێگایەکی باوەڕ پێکرا و سەحیحەوە سابت نەبووە ، وبێگومان پێغەمبەران زۆر لەوە گەورە تر و بەڕێز تر و بەڕەوشت ترن کەشتێک لەو بابەتەیان بەسەردا بێت ، پاشان پێغەمبەر خۆی داوای کرد بۆ زەید و زەینەب کچی پوری بوو ، خۆ ئەگەر حەزی لێ بوایە هەر زوو وپێش زەید مارەی دەکرد ، بەتایبەت هەر سەرەتاش زەینەب پێی خۆش نەبوو شوو بەزەید بکات و ڕازی نەبوو تاوەکو ئایەت دابەزی و دواتر ڕازی بوو ، وحەتمەن ئەمە قەزاو قەدەری خودا بوو و ویستی لەم ڕێگەیەوە عادەتێکی جاهیلی بڵاو لەنێو خەڵکدا پوچەڵ بکاتەوە ، وئاسان کاری بکات بۆ باوەڕداران ، هەروەک خوای پەروەردگار فەرموویەتی :
(فَلَمَّا قَضَىٰ زَيْدٌ مِّنْهَا وَطَرًا زَوَّجْنَاكَهَا لِكَيْ لَا يَكُونَ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ حَرَجٌ فِي أَزْوَاجِ أَدْعِيَائِهِمْ إِذَا قَضَوْا مِنْهُنَّ وَطَرًا ۚ وَكَانَ أَمْرُ اللَّهِ مَفْعُولًا ) سورة الأحزاب -37-
کاتێ زەید زەینەبی تەڵاق دا ، ئێمە لێتمان ماره کرد بۆئەوەی هیچ شتێک لەسەر باوەڕداران نەمێنێ لەمارە کردنی خێزانی ئەو کەسانەی کە پێشتر بەناو ئەوانەوە وەک کوڕیان بانگ دەکران .
(مَّا كَانَ عَلَى النَّبِيِّ مِنْ حَرَجٍ فِيمَا فَرَضَ اللَّهُ لَهُ ۖ سُنَّةَ اللَّهِ فِي الَّذِينَ خَلَوْا مِن قَبْلُ ۚ وَكَانَ أَمْرُ اللَّهِ قَدَرًا مَّقْدُورًا) سورة الأحزاب -38-
هیچ تاوانێك لەسەر پەیامبەری خوا موحەممەد نیە لەوەی كە خوای پەروەردگار بۆی حەڵاڵكردووە لە مارەكردنی هاوسەری ئەو كەسەی كە پێشتر كردبووی بە كوڕی خۆی پاش ئەوەی كە تەڵاقیبدات ، هەروەك چۆن ئەو كارە بۆ پەیامبەرانی پێش ئەو حەڵاڵبوو ، سوننەتی خوا لەوانەی پێشو وابووە ، و فەرمانی خواش قەدەرێكی دیاریكراوە و دەبێت ڕووبدات .
(الَّذِينَ يُبَلِّغُونَ رِسَالَاتِ اللَّهِ وَيَخْشَوْنَهُ وَلَا يَخْشَوْنَ أَحَدًا إِلَّا اللَّهَ ۗ وَكَفَىٰ بِاللَّهِ حَسِيبًا) سورة الأحزاب -39-
پاشان خوای باڵادەست باسی پەیامبەرانی پێشوو دەكات و ستایشیان دەكات بەوەی كە : ئەوانەن پەیامەكانی خوا بەخەڵك دەگەیەنن ، و تەنها لە خوا دەترسن ، و لە هیچ كەسێكی تر جگە لەئەو ناترسن . تەنها خواش بەسە كە بەرپرسیاری بەندەكانی بێت لەسەر هەموو كردەوەكانیان و چاودێریان بێت .
( مَّا كَانَ مُحَمَّدٌ أَبَا أَحَدٍ مِّن رِّجَالِكُمْ وَلَٰكِن رَّسُولَ اللَّهِ وَخَاتَمَ النَّبِيِّينَ ۗ وَكَانَ اللَّهُ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمًا) سورة الأحزاب -40-
موحەممەد باوكی هیچ یەكێك لەئێوە نەبوو ، بەڵكو پەیامبەری خوا و كۆتای نێردراوانیەتی ، و ئیدی پەیامبەرایەتی دوایی ئەو نابێت هەتا ڕۆژی دوایی ، وە خوای پەوەردگار بەهەموو كردەوەكانتان زانایە ، و هیچی لێشاراوە نیە .

الشيخ عبد العزيز بن باز ، الشيخ عبد الرزاق عفيفي ، الشيخ عبد الله بن غديان ، الشيخ عبد الله بن قعود .
" فتاوى إسلامية " ( 18 / 137 - 141 ) .
والله أعلم

سەردان: ٧,١٤٩ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان