لە قورئاندا هاتووە کە بەس خودا دەزانێ چ لەڕەحمی ئافرەتدا هەیە بەڵام ئێستا بە هۆى ئامێرى سۆنەرەوە دەزانرێ کوڕە یان کچ: ماڵپەڕی وەڵامەکان
لە قورئاندا هاتووە کە بەس خودا دەزانێ چ لەڕەحمی ئافرەتدا هەیە بەڵام ئێستا بە هۆى ئامێرى سۆنەرەوە دەزانرێ کوڕە یان کچ
پرسیار:

چۆن جەمع بکەین لە نێوان زانستی پزیشکی کە ئێستا هەیە لەبارەی دیاری کردنی ڕەگەزی منداڵ کەئایا کوڕە یاخود کچ ، لەگەڵ ئەم ئایەتە پیرۆزەدا : ( وَيَعْلَمُ مَا فِي الأَرْحَامِ ) [ لقمان/34 ]. واتە : خودا دەزانێ چ لەڕەحمی ئافرەتدا هەیە .
وە ئەوەی لەتەفسیری ابن جرير ـ‌ دا لە موجاهدەوە هاتووە پیاوێک پرسیاری لەپێغەمبەر ـ ـ کرد دەربارەی منداڵەکەی کەلەداهاتوودا لەدایک دەبێت ، خوای پەروەردگار ئەم ئایەتەی دابەزاند ، وە ئەوەی کە لە قەتادەوە ـ رحمه الله ـ هاتووە ، وە ئایا چ شتێک تەخسیسی ئەم ئایەتە : (ما في الأرحام) دەکات ؟ .

پێش ئەوەی قسە لەسەر ئەم بابەتە بکەم پێم خۆشە ئەوە ڕوون بکەمەوە ، کە بەهیچ شێوەیەک ناگونجێ دژایەتی و تەعاڕوز هەبێت لەنێوان ئایەتێکی صەڕیح لە قورئانی پیرۆز و واقع دا ، خۆ ئەگەر دژ بەیەکیەک (لەشتێکدا) هەبوو لەڕواڵەتدا ! ئەوا یان ئەو واقعە تەنها بانگەشەیە و هیچ حەقیقەتێکی نی یە ، وە یاخود قورئانی پیرۆز لەو بابەتەدا صەڕیح نی یە لەدژایەتی کردنی ئەو واقعەدا ؛ چونکە صەریحی قورئان و حەقیەتی واقع هەردوکیان قەتعین ، وناگونجێ دژ یەکی لەنێوان دوو قەتعیدا هەبێت بەهیچ شێوەیەک .

جا گەر ئەوە ڕوون بوەوە و وترا : خۆ ئەگەر ئەو شتە ئەسڵی نەبێت ، ئەوا پێویست ناکات هیچی لەبارەوە بوترێت ،
بەڵام گەر ئەوان بەواستەی هەندێ ئامێری ورد بزانن چ لەڕەحمی ئافرەتدا هەیە ، دەربارەی ئەوەی ئایا منداڵ کوڕە یاخود کچ ؟ ، و ڕاست بوو وە لەواقعدا بوونی هەبوو ئەوا پێچەوانەی ئایەتەکە نی یە ، چونکە ئایەتەکە باس لەشتی غەیبی دەکات و پەیوەندی بەزانستی خواوە هەیە لەو پێنج شتەدا ، وە بابەتی غەیبی تایبەت بەمنداڵ بریتی یە لە : ئەندازەی مانەوەی لەسکی دایکیدا و ژیانی و کردەوەکانی ، و ڕزقی و ئایا کەسێکی چاکە یاخود خراپ ؟ ، وە ئایا کوڕە یاخود کچ پێش ئەوەی (دروست ببێ) ، بەڵام پاش دروست بوونی و زانین و جودا کردنەوەی نێر و مێیی پەیوەندی بەعلمی غەیبەوە نی یە ؛ چونکە بەدروست بوونی بووە بەعلمی شاهادەت تەنها ئەوە نەبێ لەجێگایەکدایە نابینرێت کەپێی دەوترێت : (الظلمات الثلاثة←سێ تاریکییەکە) ، خۆ ئەگەر سکی ئەو ئافرەت بدڕێندرێت دەزانرێت چی تێدایە ، وبەدور نازانرێت لەو شتانەی خوا دروستی کردووە لە ئەشیعەی بەقووەت ئەو: (الظلمات الثلاثة←سێ تاریکاییەکە)ببڕێت و بزانێت منداڵەکە کوڕە یاخود کچ .
وە مەعلوم و زانراویشە کە لە ئایەتەکەدا بەصەریحی باسی کوڕ و کچ نەهاتووە ، بەهەمان شێوە لەفەرموودەشدا شتی وا نەهاتووە .

وە بەنیسبەت گێڕاننەوەی ابن جرير ـ کە لە موجاهدەوە گێڕاویەتیەوە :
پیاوێک پرسیاری لەپێغەمبەر ـ ـ کرد دەربارەی منداڵەکەی کەلەداهاتوودا لەدایک دەبێت ، پاشان خوای پەروەردگار ئەم ئایەتەی دابەزاند.
ئەمەی گێڕدراوەتەوە (منقطع)ـە ؛ چونکە موجاهد ـ رحمه الله ـ تابعینە .
واتە : لەبەر ئەوەی موجاهد لەتابعینە و پێغەمبەری ـ ـ نەبینیوە کەواتە ئەو گێڕانەوەیە صەحیح نی یە بەڵکو (منقطع)ـە ، هەروەک مەعلومە لەزانستی فەرموودە ناسیدا .
هەروەها بەنیسبەت تەفسیری قەتادەوە ـ ڕەحمەتی خوای لێ بێت ـ بۆ ئایەتەکە ، دەگونجێ بەو شێوەیە لێکدانەوەی بۆ بکرێت کە بابەتی نەزانینی کوڕێتی و کچێتی تایبەتە بەزانستی خوداوە ، بۆ کاتێکە گەر منداڵەکە هێشتا دروست نەبوبێت ، بەڵام دوای دروست بوونی دەگونجێ کەسانی تریش جگە لەخودا بیزانن.
جا ابن كثير ـ ڕەحمەتی خوای لێ بێت ـ لەتەفسیری ئەم ئایەدا دەڵێت : ( وكذلك لا يعلم ما في الأرحام مما يريد أن يخلقه تعالى سواه ، ولكن إذا أمر بكونه ذكراً أو أنثى أو شقياً أو سعيداً علم الملائكة الموكلون بذلك ومن شاء من خلقه ) . ا. هـ
واتە : وە هەروەها نازانرێت چی لەڕەحمدا هەیە (لەوشتانەی کەخودا خۆی دەیەوێت دروستی بکات) ، بەڵام گەر فەرمانی کرد و بڕیاری دا بەوەی نێرە یاخود مێیە ، چاکە یاخود خراپە ، ئەوا مەلائیکەتەکان (کەئەو کارەیان پێ سپێردراوە) ئەو شتە دەزانن ، وە هەروەها هەندێ لەدروست کراوەکانی خودا کەخودا خۆی بیەوێت .

وەبەنیسبەت پرسیارەکەتان دەربارەی ئەوەی ئایا چ شتێک ئەم ئایەتەی (ما في الأرحام) تەخسیس و تایبەت کردووە ؟
ئەوا دەڵێین : گەر ئایەتەکە دوای خەلق و دروست بوونیش بگرێتەوە ، ئەوا ئەوەی تەخسیس و تایبەتی دەکات بریتی یە لە (الحس←هەست و واقع ( هەڵبەت لەواقع دا بەو شێوەیە نی یە و دوای دروست بوون دەزانرێت منداڵ نێرە یاخود مێ ) ، وە زانایانی: ( الأصول ) ڕوونیان کردۆتەوە کە ئەو شتانەی گشت گیری قورئان و فەرموودە تەخسیس تایبەت دەکەن بریتی یە لە : ئایەت و فەرموودەی تر ، یاخود ئیجماع و کۆدەنگی زانایان ، یاخود قیاس ،یاخود الحس←هەست ، وبۆچوونیان لەم بارەیەوە مەشهور و زانراو و مەعلومە .
وە ئەگەر ئایەتەکە دوای خەلق و دروست بوون نەگرێتەوە ، بەڵکو مەبەست لێی پێش دروست بوون بێت ، ئەوا هیچ دژیەکی و تەعاڕوزێک لەنێوان ئایەتەکە و زانینی نێری و مێیی منداڵدا نیە .
والحمد لله نەبووە و نابێت لەواقع دا شتێک پێچەوانەی ئایەتێکی سەڕیحی قورئانی پیرۆز بێت ، وە ئەوەی دوژمنانی ئیسلام باسی لێوە دەکەن کەگوایە دژیەکی و تەعاڕوز هەیە لەنێوان قورئان و واقع دا ئەوا بۆ تێنەگەیشتنیان لەقورئانی پیرۆز دەگەڕێتەوە ، یاخود لەبەر کەم تەرخەمیان و نیەتی خراپیانە ، بەڵام لەلای موسوڵمانان و زانایان ئەوانەی کە لێکۆڵینەوە و بەحس دەکەن بۆ گەیشتن بەڕاستی هیچ؟دژیەکیەک نی یە ، وئەو گومانانە هەمووی پوچەڵ و بێ ئەرزشن ، ولله الحمد والمنة.

جا خەڵک لەم بارەیەوە بونەتە سێ کومەڵەوە دوو کۆمەڵی دژ بەیەک و کۆمەڵێکی وەسەت :
یەکەم : کۆمەڵێکیان دەستیان گرتووە بەڕواڵەت و زاهیری قورئانەوە ، ئەوەی کە سەریح نی یە ، و ئینکاری هەر شتێک دەکەن کەدژی ئەم زاهیڕ و ڕواڵەتە بێت هەرچەندە واقعێکی سەلمێندراو بێت ؟!
کە بێگومان ئەم کارەشیان بۆتە هۆی جێی تەعن و توانج بۆ خۆیان یاخود تەعن بۆ قورئان ؛ چونکە تێڕوانینەکەیان پێچەوانەی واقعێکی دیار و سەلمێندراوە .
دووەم : تاقمێکی تریان پشتیان کردووە لەقورئان و لەوەی بوو بەبەڵگە لەسەری ، دەستیان گرتووە بەبابەتە مادیەکانەوە ، بەو هۆیەوە بوونەتە بێدین و مولحید .
سێیەم : بەڵام ئەوانەی وەسەتن دەستیان گرتووە بەوەی قورئان باسی کردووە و واقعیش بەڕاست دەزانن ، ودەزانن کە هەردوکیان حەقن ، وناگونجێت دژی و تەعاڕوز هەبێت لەنێوان ئایەتی سەڕیح و واقعێکی دیار و مەعلوم و بێنراو ، لەیەککاتدا کار بە نەقڵ و عەقڵیش دەکەن ، بەم هۆیەوە دین و عەقڵیانیش سەلامەت بووە .
(فَهَدَى اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا لِمَا اخْتَلَفُوا فِيهِ مِنَ الْحَقِّ بِإِذْنِهِ ۗ وَاللَّهُ يَهْدِي مَن يَشَاءُ إِلَىٰ صِرَاطٍ مُّسْتَقِيمٍ )
وقفنا الله وإخواننا المؤمنين لذلك , وجعلنا هداةً مهتدين , وقادة مصلحين , وما توفيقي إلا بالله عليه توكلت , وإليه أنيب .
مجموع فتاوى ورسائل فضيلة الشيخ محمد بن صالح العثيمين ج/1 ص 68-70

سەردان: ٤,٢٧٢ بەش: وه‌ڵامى گومانه‌كان