سەرفترەدان بە گوێرەى سوننەتى پێغەمبەرى خوا صلى الله علیه وسلم چۆن دەدرێت؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
سەرفترەدان بە گوێرەى سوننەتى پێغەمبەرى خوا صلى الله علیه وسلم چۆن دەدرێت؟
پرسیار:

1- حوکمى سەرفترە چیە؟
2- لەسەر کێ واجبە؟
3- پیاو لە جیاتى کێ و کێ سەرفترە دەدات؟
4- وە بە کێ دەدرێ؟
5- وە ئایا کاتەکى دەرکردنى سەفترە لە کەیەوە دەست پێ دەکات و کەیە؟
6- حیکمەت لە سەرفترەدان چیە؟
7- وە چی دەدرێ پارە یان خواردن؟
8- بڕەکەى چەندە بۆ هەر نەفەرێک ؟
9- وە ئایا دروستە پارە بدەى؟
10- وە ئەو هەڵانە چین کە پێویستە موسڵمانان ئاگادارى بن لە کاتى دەرکردنى سەرفترەدا؟

سوپاس و ستایش بۆ ئەو خوایەی کە زەکاتی سەرفترەی واجب کردووە لەسەر موسڵمانان لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا ، وە صەلات و سەلامی خوا لەسەر ئەو پێغەمبەرە خۆشەویستە بێت () کە چۆنێتی سەرفترەدانی بۆ ئوممەتەکەی ڕوون کردووەتەوە بە جوانترین شێواز .
١ ـ حوکمەکەی :
زەکاتی سەرفترە فەرز و واجبە لەبەر ئەو فەرموودەیەی (ابن عمر رضي الله عنه) کە فەرموویەتی : ((أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ () فَرَضَ زَكَاةَ الْفِطْرِ مِنْ رَمَضَانَ عَلَى النَّاسِ ...)) صحيح مسلم رقم : (2275) و (2279) .
واتە : پێغەمبەری خوا () زەکاتی سەرفترەی مانگی ڕەمەزانی فەرز کرد بە سەر خەڵکیدا ...
٢ ـ لەسەر کێ واجب دەبێ ؟
زەکاتی سەرفترە (واجب) دەبێ لەسەر ھەموو بچووک و گەورە و نێرینە و مێ ینە و ئازاد و بەندەیەک لە موسڵمانان لەبەر فەرموودەکەی (ابن عمر رضي الله عنه) کە فەرموویەتی: ((فَرَضَ رَسُولُ اللَّهِ ( ) زَكَاةَ الْفِطْرِ صَاعَاً مِنْ تَمْرٍ ، أَوْ صَاعَاً مِنْ شَعِيرٍ عَلَى الْعَبْدِ وَالْحُرِّ ، وَالذَّكَرِ وَالأُنْثَى ، وَالصَّغِيرِ وَالْكَبِيرِ مِنَ الْمُسْلِمِينَ)) صحيح البخاري رقم : (1503) .
واتە: پێغەمبەری خوا () زەکاتی سەرفترەی فەرز کردووە بە بڕی (صاع)ێک لە خورما یان (صاع)ێک لە جۆ لەسەر بەندە و ئازاد و نێر و مێ و بچووک و گەورەی موسوڵمانان.
٣ـ پیاو لە جیاتی کێ دەیدا ؟
موسوڵمان سەرفترە دەدات بۆ خۆی و ھەموو ئەوانەی کە نەفەقەیان لە سەرێتی لە بچووک و گەورە و نێر و مێ و ئازاد و بەندە، لەبەر فەرموودەکەی (ابن عمر رضي الله عنه ) کە فەرموویەتی : ((أَمَرَ رَسُولُ اللَّهِ () بِصَدَقَةِ الْفِطْرِ عَنِ الصَّغِيرِ وَالْكَبِيرِ وَالْحُرِّ وَالْعَبْدِ مِمَّنْ تَمُونُونَ)) سنن الدارقطنـي رقم : (2100) و (2100) وسنن البيهقي رقم : (7932) و (7935) وحسنه الألبانـي في إرواء الغليل رقم : (835) ..
واتە: پێغەمبەری خوا () فەرمانی بە زەکاتی سەرفترە کردووە لە جیاتی بچووک و گەورە و ئازاد و کۆیلە لەوانەی نەفەقەی دەدەن .
٤ ـ بە کێ دەدرێت ؟
سەرفترە تەنھا دەدرێت بەو کەسانەی کە شایستەن ، ئەوانیش تەنھا بریتین لە ھەژار و کەم دەستەکان ، لەبەر فەرموودەکەی (ابن عباس رضي الله عنه ) کە فەرموویەتی :
((فَرَضَ رَسُولُ اللَّهِ ( ) زَكَاةَ الْفِطْرِ : طُهْرَةً لِلصَّائِمِ مِنَ اللَّغْوِ وَالرَّفَثِ ، وَطُعْمَةً لِلْمَسَاكِينِ ...)) صحيح أبـي داود رقم : (1609) وصحيح سنن ابن ماجه رقم : (1827) ..
واتە: پێغەمبەری خوا () زەکاتی سەرفترەی فەرز کرد بۆ پاک کردنەوەی ڕۆژووان لە قسەی پڕوپوچ و کرداری خراپ ، وە خواردنیش بێت بۆ فەقیر و ھەژاران .
تێبینى : سوننەتە چەند کەسێک تەرخان بکرێت بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی سەرفترە و پاشان دابەش کردنی بەسەر ھەژاراندا ، ئەم سوننەتە پشت لێ ھەڵکراوە ڕەحمەتی خوا لەو کەسەی زیندووی دەکاتەوە
5 ـ کاتەکەی :
یەکەم : زەكاتی سەرفترە لە دوای خۆر ئاوابوونی ئێوارەی شەوی جەژن واجب و فەرز دەبێت .
دووەم : وە باشتر و سوننەت وایە پێش دەرچوونی خەڵكی بۆ نوێژی جەژن ببەخشرێت
سێیەم : بەڵام روخسەت و ڕێگە دراوە بە ڕۆژێك یان دوو ڕۆژ یان سێ‌ ڕۆژ پێش جەژن بدرێت بەو كارمەندانەی كە هەڵدەسن بە كۆكردنەوەی .
كەواتە هەر كەسێك لە سێ‌ ڕۆژ زیاتر پێش جەژن سەرفترە بدات ئەوا بە پێچەوانەی صەحابەكانی پێغەمبەرەوە () ڕەفتاری كردووە كە ئەوان لە هەموو كەسێك زاناتر و شارەزاترن بە سوننەتی پێغەمبەر () .
وە شێخ محمد بن صالح العثیمین رحمه الله فەرمویەتى : هەر موسڵمانێك لە پێش (28)ی رەمەزان سەرفترە بدات ئەوا دروست نییە و سەرفترەدانی لەسەر نەكەوتووە چونكە لە كاتی خۆیدا نەیداوە ."الشرح الـممتع على زاد المستقنع" : (6 / 169 ـ 170)
چوارەم : وە دروستیش نییە دوا بخرێت بۆ دوای نوێژی جەژن
6 ـ حیکمەت لە سەرفترە :
خوای دانا و زانا سەرفترەی فەرز کردووە بۆ پاک کردنەوەی ڕۆژووان لە ووتەی پڕوپوچ و کرداری خراپە ، وە بۆ ئەوەی خواردنێکیش بێت بۆ فەقیر و ھەژاران ، بۆ پڕکردنەوەی کەم و کوڕییەکانیان لەو ڕۆژە خۆشەدا ، بە بەڵگەی فەرموودەکەی (ابن عباس رضي الله عنه ) کە فەرموویەتی : ((فَرَضَ رَسُولُ اللَّهِ () زَكَاةَ الْفِطْرِ : طُهْرَةً لِلصَّائِمِ مِنَ اللَّغْوِ وَالرَّفَثِ وَطُعْمَةً لِلْمَسَاكِينِ …)) .
7 ـ چی دەدرێ بۆ زەکاتی سەرفترە ؟
زەکاتی سەرفترە دەبێت تەنھا بە خواردن (طعام) بدرێت ، لەو جۆرە خواردنانەی کە خەڵکی ھەر سەردەمێک دەیخوات ، لەبەر فەرموودەکەی (أبو سعيد الـخدري رضي الله عنه ) كە فەرموویەتی : ((كُنَّا نُخْرِجُ فِي عَهْدِ رَسُولِ اللَّهِ () يَوْمَ الْفِطْرِ صَاعًا مِنْ طَعَامٍ ، وَكَانَ طَعَامَنَا : الشَّعِيرُ وَالزَّبِيبُ وَالأَقِطُ وَالتَّمْرُ)) صحيح البخاري رقم : (1510) .
واتە : ئێمە لە سەردەمی پێغەمبەری خوادا () لە ڕۆژی جەژندا ـ واتە پێش نوێژی جەژن ـ سەرفترەمان دەدا بە (صاع)ێک لە خواردن (طعام) ، وە خواردنمان لەو سەردەمەدا بریتی بوو لە : جۆ و مێووژ و کەشک و خورما . کەواتە خەڵکى ئەم سەردەمەى ئێستاى خۆمان لە کوردستان دەبێت بۆ سەرفترە (ئاردى گەنم) یان (برنج) بدەن .
8 ـ بـڕەکەی :
أ ـ یەک (صاع) واتە چوار گوێل (مُد) دەدرێت بۆ سەرفترەی ھەر نەفەرێک ، بە کێشانەش نزیکەى دووکیلۆ و نیو دەکات بە پێوەرى ئێستا.
ب ـ بەڵام ئەگەر کەسێک سەرفترە بە (گەنم) بدات یان بە (ئاردی گەنم) ئەوا تەنھا نیو (صاع) واتە دوو گوێل بە دەستی کەسێک کە دەستی مامناوەند بێت دەدات بۆ سەری ھەر نەفەرێک واتە نزیکەى یەک کیلۆ و 250 غرام دەکات .
9 ـ پارەدان بۆ سەرفترە دروست نییە و دەبێت تەنھا خواردن بدرێت نەک پارە :
سەرفترەدان لە سەردەمی پێغەمبەردا () بە خواردن و قوتی ئەو سەردەمە دراوە نەک بە پارە ، وە لە مەزھەبی ئیمامی (شافعي)دا پەیڕەوی سوننەتی پێغەمبەر () کراوە تێیدا و دەبێت تەنھا خواردن بدرێت بە سەرفترە و پارە نابێت و دروست نییە .
بەڵگە و دەلیل لەسەر ئەمە :
عَنْ أَبِي سَعِيدٍ الْخُدْرِيِّ (رضي الله عنه ) قَالَ : ((كُنَّا نُخْرِجُ إِذْ كَانَ فِينَا رَسُولُ اللَّهِ () زَكَاةَ الْفِطْرِ عَنْ كُلِّ صَغِيرٍ وَكَبِيرٍ حُرٍّ أَوْ مَمْلُوكٍ صَاعَاً مِنْ طَعَامٍ أَوْ صَاعَاً مِنْ أَقِطٍ أَوْ صَاعَاً مِنْ شَعِيرٍ أَوْ صَاعَاً مِنْ تَمْرٍ أَوْ صَاعَاً مِنْ زَبِيبٍ)) صحيح البخاري رقم : (1508) وصحيح مسلم رقم : (2281) واللفظ له .
جا لێرەدا پێویستە لەسەر موسڵمانان شوێن سوننەتی پێغەمبەر بکەون () و ئەو مەزھەبەش کە موافیق و گونجاوە لەگەڵ سوننەتی پێغەمبەردا () ئەوە ھەڵبژێرن ، وە نابێت بە ویست و کەیفی خۆمان تەقلید بکەین و بە پێچەوانەی سوننەتی پێغەمبەر () کردار و پەرستن بکەین !!!
بۆیە دروست نییە سەرفترە بە پارە بدرێت ، وە ھەر کەسێک پارە بدات ئەوا سەرفترەدانی لەسەر نەکەتووە و قەرزار دەبێت ھەتا خواردن دەدات بۆ زەکاتی سەرفترە وەک چۆن لە سەردەمی پێغەمبەردا () سەرفترە بە خواردن دراوە ، وە خوای گەورە دەفەرموێت ( لَّقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ ) [الأحزاب] .
وە پێغەمبەریش () دەفەرموێت : ((مَنْ عمِلَ عَمَلاً ليسَ عليهِ أَمرُنا فهو رد)) صحيح مسلم رقم : (4468) .
واتە: ھەر کەسێک ھەر کردەوەیەک بکات،فەرمانی ئێمەی لەسەر نەبێت ئەوا ڕەد دەکرێتەوە و لێی قەبوڵ ناکرێت .
10- ئەو خاڵانەى کە پێچەوانەى سوننەتى پێغەمبەرى خوایە لە سەرفترەداندا :
وەک بیرخستنەوەیەک موسڵمانان زیاتر لەم خاڵانەی خوارەوەدا پێچەوانەی سوننەتی پێغەمبەر () دەکەن لە سەرفترەداندا :
یەکەم :  پارەدان لە جیاتی خواردن !
دووەم :  پێش خستنی سەرفترەدان زیاتر لە ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ یان سێ ڕۆژ پێش جەژن ! یان دوا خستنی بۆ دوای جەژن !
سێیەم : تایبەت کردنی سەرفترەدان بە شێخ و مەلا و فەقێ ! چونکە سەرفترە تەنھا حەقی ھەژارەکانە و بەس ، وە تایبەت نییە بە شێخ و مەلاوە .
وەرگیراوە لە کتێبێى : چۆنێتى زەكاتى سەرفترەدان لەسەردەمى پێغەمبەردا مامۆستا محمد عبد الرحمن

سەردان: ٢٥,١٩٠ بەش: زەکاتى سەرفیترە