حوکمی قورئان خوێندن و زیکر کردن چیە لە نێو حەمامدا؟: ماڵپەڕی وەڵامەکان
حوکمی قورئان خوێندن و زیکر کردن چیە لە نێو حەمامدا؟

بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
ئەگەر مەبەست لە حەمام کە لە پرسارەکەدا هاتووە شوێنى خۆشتن و دەست نوێژ گرتن بێ ئەوا دروستە ، بەڵام ئەگەر مەبەست شوێنى سەرئاوکردن بێ ئەوا دروست نیە ، هەروەکو پرسیار کراوە لە شێخ عبدالعزیز بن عبدالله بن باز رحمه الله کە ئایا حوکمی قورئان خوێندن لە نێو حەمامدا چیە ؟
لە وەڵامدا فەرمووى :
دروست نیە خوێندنی قورئان لە حەمامدا لەبەر ئەوەی شوێنی خۆ بەتاڵ کردنەوەیە بەڵام شوێنی دەستنوێژ یان شوێنی مەسح کردن خوێندنی قورئان هیچ زەرەرێکی نیە بەڵام لە شوێنی پیسی کردن شوێنێکی پیسە و جایز و ڕێپێراو نیە۰
ئەم پرسیارەی ئاراستە کرا لە حەجی ساڵی ۱٤۰۷ هیجری شریتی ژمارە ٤

وە هەروەها پرسیار کراوە لە شێخ محمد بن صالح العثیمین رحمه الله کە ئایا جایزە ناو هێنانی خوا لە حەمامدا ؟
لە وەڵامدا فەرمووى :
نابێ مرۆڤ ناوی خوا بێنێ لەنێو حەمامدا لەبەر ئەوەی شوێنێکە شایستە بەو کارە نیە بەڵام ناوهێنان لەدڵەوە هیچی تیا نیە بەبێ ووتنی بە زمان ، وە لەپێشترە کە بەزمان نەیڵێ لەو شوێنە و چاوەڕێ بکات هەتا دێتە دەرەوە۰
بەڵام ئەگەر جێگەی دەستنوێژ لەدەرەوەی شوێنی سەرئاوکردن بێ هیچی تیا نیە کە ناوی خوای تیا بێنێ .
مجموع فتاوی ابن عثیمین 11/109

تێبینى : ئەگەر حەمامەکە شوێنى خۆشۆردن و سەرئاوکردنى پێکەوە بوو ئەوا دروست نیە قورئانى تێدا بخوێنرێ یان زیکرى خواى تیا بکرێ .

سەردان: ٨,٠٥٧ بەش: قورئانی پیرۆز